سژین

180kr

قابل فروش

توضیحات کوتاه

ناوی کتێب: سژین

نووسەر: ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

بابەت: رۆمان

بەرگ: بوخاری وشیار

هەڵەبڕی و ڕێنووسکردن: باخان ئەحمەد

چاپی یەکەم: سوید ٢٠١٨

ISBN: 978-91-88005-82-3

Sjin

Novel

Anwar Abasi

First edition 2018

Email
ڕۆمانی سژین لە ڕێگەی بیۆگرافی هیوا و هاوڕێکەی -هەڵمەت-ەوە بۆ ناو ئۆتۆبیۆگرافی ئەویتر، واتە تاکی پڕۆبلۆماتیکی کورد پەل دەهاوێت. ”کورد بدوێنە شەرحی حاڵی خۆی دەکات”، ئەم ڕۆمانە باس لە ناسنامەی دزراو- بزربووی تاکی کورد دەکات کە لە نائاگاییاندا جێگیر بووە. بە باسکردن لە ژیانی کورد لەسەر خاکی خۆی و کۆچکردنی بۆ تاران تاوەکو هەندەران. لەو سەفەرانەدا ڕووبەڕووی شۆکی کولتووری دەبێتەوە، بەڵام غروری ئەم تاکە رێگە نادات بەزەبزوێن بێت. “لەڕاستیدا دەمەوێت ناوێک بۆ ئەم شەرمکردنەی هیوا پەیدا بکەم، ناوی شەرمکردن نەبێ، ئەوەی کە ناتەوێ لە نێو شارێکی غەریبدا یان لەنێو خەڵکی نەناسراودا بکەویتە بەر سەرنج. بە جۆرێک هەوڵدان بۆ هاوڕەنگبوون… یان لانیکەم، بۆ ناهاوڕەنگ و زەقنەبوون”.
ئەم حاڵەتەی کورد وەکوو نەخۆشییەکی وەهمی لە ڕێگەی شیتەڵکردنی ناونیشانی رۆمانەکەوە بۆ باسکردنی سەرچاوەی نەخۆشییە کوردانەکە کە هیچ سنوورێکی نییە و نابینرێت، بەڵکو خودی نەخۆشییەکە وەکو برینێکی دەروونی دەبێتە هەوێنی تێماکانی ڕۆمانەکە. سنووری برینەکە هاوشێوەی نەخۆشییەکە و شوێنی کوردانە منداڵدانئاسا و ‌هاوچەشنی کەیهان بۆشاییەکە و فەزایەکی بێ سنوور، ئەگەر جوغزیشی نەبێت هەر هەیە، دەرکەوتەی ئەم برینە لە بێدەنگییەکی ڕەهاوە خۆی ڕاڤە دەکات.هیچ ڕەنگێکی نییە و هەموو ڕەنگێکیشە. ئەو برینە نەبینراوە وەکو پەلکە زێڕینە، ئەستێرەی کلکدارە، پڕوشە، نەبوونی لە دەرکەوتەکانییەوە دەچریکێنێت. نووسەر لە ڕێگەی خۆجوین (مۆنۆلۆگ)ەکانییەوە پێناسەی دۆزی نەتەوەی کورد دەکات. ئەگەر چەمکی نەتەوە بە خاکێکی هاوبەش، مێژوویەکی هاوبەش، زمانێکی هاوبەش و ئەفسانەی هاوبەشەوە پەیوەست بێت، ئەوا بۆ کورد بەندە بە بیرکردنەوەیەکی هاوبەش و گرنگیی جوگرافیاکەی. نووسەر بە ئاوڕدانەوەی بەناو مێژووی مرۆڤایەتیدا باسی مێژووە شێوێندراوەکەی کورد لە بێ دەنگییەکی نائاسایی دەکات. ”…بەڵام بێدەنگیی موتڵەق لەو شێوەیەی کە بەسەر هیوادا هاتووە، تا ئەو جێگایەی کە دەیزانی، تەنیا دەکرا لە بۆشایی ئاسماندا کە ملوکولەکانی هەوا بوونیان نییە، ڕوو بدات کە ئەویش دیسان ئەگەر و مەگەری زۆرە. واتە تەنانەت لە ناهۆشیاری مێژوویی مێشکی بەشەریشدا، ئەم رووداوە پێشینەی نەبووە. مرۆڤ بە درێژایی مێژوو لەگەڵ تاریکی موتڵەقدا ئاشنایەتی هەبووە، بەڵام بێدەنگیی لەم چەشنە نا. بۆیە شانازی بە هیواوە دەکەم کە ئاوا بەبێ خۆدۆڕاندن، خەریکە بۆ خۆی شرۆڤە دەکات و هەوڵ دەدات لە دەرەوەی خۆیەوە سەیری بابەتەکە بکات.” ل ٢٢و ٢٣ دووپاتبوونەوەی خۆ لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە ”لایەکی ڕوومەتم قورس ئەبێ و ئەمە یانی خەریکە سەیرم ئەکات. سڵاوی لێ ناکەم و ئەڕۆمە دەرەوە. ئەمڕۆ بڕیارم دا وەکوو جاران لەگەڵی ڕووخۆش نەبم.”هەروا لاپەڕە هەڵئەدەمەوە، کە بەدەنگی هەڵکردنی چەرخەکەم دائەچڵکێم.” ل٣ ، تاکو سەر بەرگی دواوەی ڕۆمانەکە ئاماژە بە جۆرەکانی (خۆ) دەکات: ” هیچ ئەکتەرێک ناتوانێت لەسەر شانۆ یان بەرامبەر کامێرا خۆی بێت. لەوێدا (خۆ) مانای نییە. لە کاتی ڕۆڵگێڕاندا، یان دەبێ بەو شتەی کە حەز دەکات خەڵک بەوە بیبینن یان دەبێ بەو شتەی کە خەڵک حەز دەکەن بەوە بیبینن. قەت (خۆ)یەک بوونی نییە. ئەو ئەکتەرەی کە دەڵێ من لەسەر شانۆ خۆمم، تەنیا تووشی خراپ حاڵیبوونێکی بچووک بووە. لەڕاستیدا یەکێک لەو خۆمانەی کە چەندین جار رۆڵەکەی گێڕاوە بە خۆی قاڵبی دەکات و لەوە بە دوا ئەو خۆمە بە خۆمی راستەقینە دەزانێت.لە کاتێکدا خۆمی ڕاستەقینە تەنیا لە خەونەکانەوە دێتەوە لای. ئەو خەونانەی کە ناویان دەبێت بە (کابووس). چ کابووسێک گەورەتر و سامناکتر لەوەی کە لەگەڵ حەقیقەتی خۆتدا رووبەڕوو ببیتەوە؟” ل ١٥٢ . ئەم خۆیە دەمانباتەوە بۆ چیرۆکی خودا- ئیبراهیم- ئیسماعیل. دەکرێت بڵێین ئەم رۆمانە لەسەر بنەمای تپلیپ ”سێ مانگێک ” ل ٢٣٩ ، باسی رایەڵی هەر خۆیەک بە خۆیە لێکدابڕاوەکانی کورد دەکات، ئەویش بە دووپاتبوونەوەی سێ و چوار ئاماژەیان بۆ کراوە. ”چاوە بوکەڵەییەکانی سێ چوار جار ترووکاند وەکو کونەپەپوو.” ل٢٤٩.تاکی کورد دەتوانێت پشتی سەریشی ببینێ وەکو کوندەپەپوو “سێ چوار مانگ” ل٢٥١، “سێ چوار رۆژێک” ل ٢٤٣، ” سەعات لە چوار لایدابوو” ل ٢١٩… ”بەشی سێ رستە  ناکات” ل ١٠٨ ، هەر چەندە چیرۆکەکەی حەزرەتی ئیبراهیم لە ئاینە ئاسمانییەکانەوە کەمێک تەفسیری جیاوازی بۆ کراوە، بەڵام ئەگەر ئەوەی ئایینی ئیسلام وەربگرین و پەلوپۆکەی لەو ڕۆمانەدا باس بکەین، ئەوە هەمان نهێنی باسنەکراوی نێوان خودا و ئیبراهیم بۆ کێشەی کورد دەستدەدات. بۆچی ئیبراهیم باسی ئەو پەیمانە نەنووسراوەی نێوان خۆی و خوا ناکات کە لە خەودا پێی ڕاسپێردراوە، بۆ لە بەرامبەر داواکارییەکی خوادا دەڵێ: من ئەوەم کە هەم.ئامادە دەبێت کوڕە خۆشەویستەکەی خۆی وەکو سزای لێخۆشبوون بکاتە قوربانی. ئایا دەکرێت کەسێک گوناهی نەکردبێت و داوای لێخۆشبوون بکات؟ بۆ دواتر خوا لە داواکارییەکەی دەبوورێت و بەرانێکی بۆ دەنێرێت تاکو بیکاتە قوربانی. ئەو نهێنیە هاوچەشن- جودا لە نهێنی مەحکوم بە قوربانیدانی ڕۆڵەی کورد پەیمانێکی نەنووسراوە و فەرمانپێکراو مەحکومە جێبەجێی بکات. ئەو پەیمانەی کورد بە تۆلێڕانسەوە و بە بەخشینی خوێن جێبەجێی دەکات، بەڵام کەی دەبەخشرێت؟ لە حاڵەتەکەی کورددا باوک، کوڕ دادگایی دەکات و کوڕ، باوک دادگایی دەکات. ئایا ڕەوایەتی بە باوکە یان کوڕ؟ جێگەی سوژە و ئۆبژە گۆڕاوە؟ یان سوژە ون بووە.کوڕ بە دوای باوکە ونبووەکەیدا دەگەڕێ، باوکێک جارێک ون بووە و بووەتە نۆستالژی. ”یەکەم جارەکان گرینگن… یەکەم جار وەکوو هیچ شتێک نییە. دووەم جار و سێیەم جارنییە. دووەم جار و سێیەم دووبارە ئەبنەوە، بەڵام یەکەم جارەکان قەت. لەوانەیە زۆر هەڵە نەبم ئەگەر بڵێم نۆستالۆژییەکان هەر لەم یەکەم جارانە ساز بوون” ل٢٣٩ . جارەکان لە یەکەم جارەکانەوە دروست دەبن، یەکەم جارەکان دەبنە نۆستالژی بۆ دووەم جارەکان. بوونی هەردووکیان لە سێیەم جارەکاندایە، وەکو بیرکردنەوە زمانە یان زمان بیرکردنەوەیە کە سیستەمی زمانی کۆمەڵگایەک ناکۆتا دووبارەیان دەکاتەوە. یەکەم محەممەد – ئارام – هەڵمەت ئەمانە هەموویان یەک کەسن، هەروەکو چۆن عەبدوڵڵا ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ دانیال تاکو هەم کورد، هەم فارس، هەمیش رۆژئاواییەکان بۆیان گۆ بکرێت. بەڵام سژین یان سۆژین چی؟ ”حاڵەتێکی تایبەتی برینە کە هاوکات هەم دەخورێ و هەم ژان دەکات. ئەو کاتەی کە ئەگەرچی دەزانی ژان دەکات و نابێ دەستی لێ بدەی هەتا خۆی چاک دەبێتەوە، بەڵام هەر نینۆکی تێدەچەقێنی و دەیخورێنی… چەند جوانە! دەڵێی لە ئاسمانەوە کەوتووەتە خوارەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە پێش و پاشی خۆیەوە نییە. ساتەوەختی زێڕینی چێژبەخشین. بەدەر لەوەی کە مازۆخیسمی ناخی تاک تا چ ڕادەیەک دەسەڵاتدار بێت، دەستخستنە نێو (سژین) لەم کاتانەدا، تەنیا کاری چێژبەخشی دونیایە… سژین چ ئەفسوونێکی بەردەوامی تێدایە…” ل ٦٩، ٧٠، ١٢٦، ١٩٥ .

ئەو برینەی نابینرێت تەنیا تاکی کورد هەستی پێ دەکات و لە شادەمارەوە تاکوو وردترین موولوولەی خوێنی هەیە، هەستی پێ دەکات و نایەڵێت بە هیچ دەوایەک جگە لە خۆدەواکەی قەتماغە بگرێت، چونکە ئەگەر قەتماغە بکات و چاک ببێتەوە ئیتر ساڕێژبوونەوەیەکی درۆینەیە، ئەو دەوایەی کورد بە دواوەیەتی هاوشێوەی درەختی نەمریە. بۆیە دەبێت زوو زوو بڕوشێنرێت تاکو ژێرەوەی ڕاستەقینەی برینەکە دیار بێت، دەنا وەکو تابلۆیەکی هونەری تەفسیری جیاجیای بۆ دەکرێت. ” گرێوت لەگەڵ دەکەم ئەگەر بکرابا بە ئامێرێک ئەو نیگارە بڕووشێنین و ڕەنگەکانی سەرەوە بتاشین و لایبەرین، ژنە ڕووتەکانی مێشکی نیگارکێش دەردەکەون.” ل ٥٢ . ئەو برینە بە پیتی یەکەمیەوە ” … رەنگە پیتی (ک)…” ل ٧١…  ” یەکەم رۆژی دیتنی (ک) ل ٧٠..  باس دەکرێت، بەڵام هەر وەرگێڕانێکی بۆ ناکرێت. دەوای ئەو نەخۆشیە (ستان)ە، (س)ی سەرەتای سژین ساڕێژی برینی ژینە.

سژین، کوردانەیە و ئەو بزرۆکەیە مەودای دۆزینەوەیەی دەرمانەکەیەتی. دەبێت کورد بیت دەنا نابینرێت. هەرچەندە (سۆژین) برینێکی بە سۆیە. ”هێشتا تامی سۆسەکە لە بن زمانی ..” ل١٦٢.. بەڵام کورد ناخوازێت دەم خونچە بکات و زوو تامی بکات، ڕەنگە نەتەوەکانی دراوسێی بخوازن زوو تامی بکەن. ئەو تامە بکەن کە زایەقەیان پێی راهاتووە، بەڵام کورد ئەم زووەی ئەوان دوادەخات و لە هاموشۆی زوو- درەنگ دایە تاکو بنەماکەی بدۆزێتەوە. کوردبوون وەهم- حەقیقەتە، ”ئێمەیش دەبێ ببینە خاوەن وڵات” ل ٢٤١. ئەو وەهمەی کە بیرکرنەوەی تاکەکانی بچووک کردووەتەوە کە مژۆلی دەوڵەت هاوشێوەی نیشتمانەکەیان ژێرمێشکیانی داگیرکردوون و ناپەڕژێنە سەر هونەر. هیوا، هەڵمەت، سوارە… کان بە دوای ئازادییەوەن، هونەری کوردان مات نییە بەڵکو دەنگی لێ بەجێماوە.

دوکتور کافیە سەباح – فەڕانسا

*سژین ڕۆمانێکی ئەنوەر عەباسی (هەرەس)ە و ساڵی ۲۰۱۸ لەلایەن چاپەمەنی کتێبی ئەرزانەوە لە سوید چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
.
ئەم وتارە یەکەمجار لە گۆڤاری ئەدەب و کولتوری ڕووداو بڵاو بووەتەوە.

اطلاعات بیشتر

وزن 340 g
ابعاد 210 x 148 x 15 mm

دیدگاه‌ها

هیچ دیدگاهی برای این محصول نوشته نشده است.

اولین نفری باشید که برای این محصول دیدگاه می‌نویسد. “سژین”

4 × یک =